X
تبلیغات
رایتل

به‌ڕێز بێ‌ شه‌ست‌و چواره‌مین ساڵوه‌گه‌ری‌ دامه‌زرانی‌ کۆماری‌ کوردستان
هاونیشتمانه‌ به‌ڕێزه‌کان!
گه‌لانی‌ مافخورا‌وو مافخوازی‌ ئێران1
خه‌ڵکی‌ به‌ شه‌ره‌فی‌ کوردستان!

دووی‌ ڕێبه‌ندانی‌ ئه‌م ساڵ شه‌ست‌و چوارساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی‌ یه‌که‌م حکوومه‌تی‌ کۆماری‌ له‌ مێژووی‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ کورد دا تێ‌‌ده‌په‌ڕێ‌. ڕۆژی‌ 2ی‌ ڕێبه‌ندانی‌ 1324 (22ی ژانویه‌ی‌ 1946) له‌ کاتێکدا نوێنه‌رانێک له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی‌ کوردستانه‌وه‌ بۆ پێشوازی‌ له‌ ڕووداوێکی‌ گرنگی‌ مێژوویی‌ ڕوویان کردبووه‌ مه‌هاباد، ناوه‌ندی‌ ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ڕزگاریخوازانه‌ی‌ خه‌ڵکی‌ کوردستانی‌ ئێران، له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ پێشه‌وا قازی‌ محه‌ممه‌د ڕێبه‌ری‌ حیزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستان " ده‌وڵه‌تی‌ جمهوری‌ کوردستان" ڕاگه‌یه‌ندرا‌و هه‌ر پێشه‌وا خوشی‌ به‌ سه‌رکۆمار هه‌ڵ‌بژێردرا. دامه‌زرانی‌ کۆماری‌ کوردستان نه‌ک هه‌ر بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ کوردی‌ ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵکوو بۆ ته‌واوه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازی‌ له‌ ئێران ‌و بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی‌ کوردستانیش ڕووداوێکی‌ گرنگ‌و ده‌سکه‌وتێکی‌ مێژوویی‌ بوو. هه‌ر بۆیه‌ش، ئه‌و کۆماره‌ هه‌م بۆخه‌ڵکی‌ هه‌موو به‌شه‌کانی‌ کوردستان‌ بوو به‌ نوخته‌ هومێدێک‌و هه‌م ته‌واوه‌تی‌ حیزب‌و ڕێکخراوه‌ دێموکڕات‌و پێشکه‌وتووه‌کانی‌ ئێران پێشوازییان له‌ دامه‌زرانی‌ کرد‌و پێوه‌ندیی‌ دۆستایه‌تی‌‌و هاوکارییان ده‌گه‌ڵ دامه‌زراند.